مەسعود بارزانی: كۆنفرانسی ڕۆژئاوا هەنگاوێكی مێژووییە بۆ یەكگرتوویی كورد
2025-04-26
60 جار خوێنراوەتەوە
لە كۆنفرانسی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، پەیامی مەسعود بارزانی خوێنرایەوەو، ئەم كۆنفرانسەی بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی لە هەوڵەكانی بنیاتنانی یەكگرتوویی كورد و پێناسەكردنی دیدێكی یەكگرتوو و هاوبەش، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ پرسی كورد زانی.
دەقی پەیامەكەی مەسعود بارزانی بۆ كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە قامیشلۆ:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی ئازیز ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر خۆشحاڵم كە لەم بۆنە گرنگەدا، سڵاوی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەكەم و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بۆ گەلەكەمان لە ڕۆژئاوای كوردستان.
ئەم كۆنفرانسە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە لە هەوڵەكانی بنیاتنانی یەكگرتوویی كورد و پێناسەكردنی دیدێكی یەكگرتوو و هاوبەش، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ پرسی كورد، كە بەشداریی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە وڵاتەكەیدا مسۆگەر دەكات، هەروەها دەبێتە هۆكارێك بۆ بەشداریكردنتان لە بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ هەموو سوورییەكان.
لەو چوارچێوەیەدا سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و هەوڵی یەك بەیەكتان لە ڕێكخستن و ئامادەكاری بۆ ئەم كۆنفرانسە دەردەبڕم. هیوادارم هەمووتان بەردەوام بن لە هەوڵەكانتان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی لێكتێگەیشتن و هاوكاریی یەكتری نێوان گەلەكەمان.
ڕاستییەكەی گەلی كورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و هەموو جۆرەكانی پەراوێزخستن و ئینكاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ له كاتێكدا گۆڕانكاریی خێرا له سووریا و ناوچه كه ڕوو دەدات، له داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەكەمان هاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی گەورە دەكەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكانی ئێستە و ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی فراوان و گونجاو، كه گوزارشت له خواستەكانی گەلەكەمان بكات، لە چوارچێوەی سووریای یەكگرتوو ئازاد و دیموكراسیدا.
لە بەرانبەر دوایین هەڕەشەكانی ناوچەكە، گرنگی خەباتی دیموكراسی و ئاشتییانە وەك ئامرازێكی ستراتیجی بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی گەلەكەمان و گەیشتن بە خواستەكانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەكەینەوە كە چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی لە هەموو كاتێك گرنگترە و لە چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆزەكاندا ئەنجامێكی باشتری لێ دەكەوێتەوە.
بەڕێزان باش ئاگاداری كاریگەرییە نەرێنییە ڕاستەوخۆكانی شەڕ و توندوتیژی سەر گەلی سووریاین، كە بووەتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس و لەناوچوونی ژێرخانی كۆمەڵایەتی و پەكخستنی ژیان و چڕبوونەوەی هەڕەشەكانی توندوتیژی و مەزهەبی و تیرۆر.
بۆیە ئێمە پشتیوانی لە بنیاتنانی سووریایەكی نوێ و دیموكراسی و هەمەچەشن و یەكسان دەكەین، كە تێیدا مافەكانی گەلی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانیشەوە مسۆگەر بكرێت و هیچ شوێنەواری ستەم و دیكتاتۆرییەت نەمێنێتەوە، هەروەها پشتگیری لە دروستكردنی دەستوورێك دەكەین كە گرەنتی ئەم بنەمایانە بكات، ئاسایش و سەقامگیری و هاوسەنگی و لێخۆشبوون لە وڵاتدا مسۆگەر بكات و بپارێزێت، ئەمەش هەنگاوێكی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەكی گەش بۆ هەموو سوورییەكان، زامنكردنی مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی هەموو هاووڵاتییان.
بەڕێزان
دووپاتی دەكەمەوە كە یەكگرتنەوەی كورد و دامەزراندنی بنەمایەكی هاوبەش، كلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی كوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستكردنی شاندێكی هاوبەشی كوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق، هەنگاوێكی پێویستە بەرەو بەشدارییەكی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردمان و بەشداری كارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.
ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پتەوكردنی پێوەندی برایەتیی نێوان كورد و هەموو پێكهاتەكانی تری گەلی دراوسێی سووریا دەكەینەوە، بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پاڵپشتیكردنی كولتووری لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سووریا لەسەر بناغەكانی هاوپشتی و ڕێزگرتنی یەكتر و هاووڵاتییەكی یەكسان بنیات بنرێت، بناغەیەكی سەرەكین بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی ئاشتیخواز و دادپەروەرانە بۆ هەمووان.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ كۆنفرانسەكەتان. هیوادارم ئەنجامەكانی ببێتە هۆكارێك بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و كاری گەلەكەمان و لە ئاستی ڕەنج و قوربانیدان و مێژووی گەلی كورددا بین. پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ هەر هەوڵێكی دڵسۆزانە دووپات دەكەمەوە كە ئامانجی یەكخستنی ڕیزەكانی كورد و پێكەوە كاركردن بێت بۆ داهاتوویەكی ئارام و شكۆمەندانە بۆ گەلەكەمان.
مەسعوود بارزانی
26ـی نیسانی 2025
|