تورکیا لە چوار رۆژدا 627 جار بۆردوومانی پ.ک.ک ی کردووە

8   کاتژمێر پێش ئێستا  90 جار خوێنراوەتەوە

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، هەرچەندە ئاگربەستی تاکلایەنەیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی راگەیاندووە، بەڵام سوپای تورکیا لە چوار رۆژدا 627 جار پێگەکانیانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پەکەکە، لە نوێترین راگەیێندراویدا دەڵێت، سەرەڕای پابەندبوونیان بەو ئاگربەستەی زیاتر لە مانگێکە رایانگەیاندووە، هێزەکانی سوپای تورکیا لە هێرشەکانیان بەردەوامن.
 
هەپەگە دەڵێت، لە رۆژانی 15 بۆ 18ی نیسانی 2025 سوپای تورکیا بە درۆن، فڕۆکەی جەنگی، هاوەن و تۆپهاوێژەکانیانەوە 627 جار پێگەکانیانی لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، گارە، مەتین، شێلادزێ، کانی ماسێ، ئاڤاشین و ئامێدی بۆردوومان و تۆپباران کردووە.
 
هەپەگە دەڵێت، هەرچەندە ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەڵام رۆژی 17ی مانگ لە ناوچەی زاپ ناچار بوون وەڵامی هێرشێکی راستەوخۆی تورکیا بدەنەوە، کە بەهۆیەوە زریپۆشێک و رادارێکیان گورزی بەرکەوت.
 
18ی نیسانی 2025 لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا و لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا سێ گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
 
دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، هەپەگە رۆژی 1ـی ئاداری 2025 ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاند.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە