تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوەو دوو کەس گیانیان لەدەستداوە
9 کاتژمێر پێش ئێستا
344 جار خوێنراوەتەوە
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە. ئەمڕۆش هەڵمەتێکی فراوان بۆ قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە هەڕەمەکی و گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە 7ROJ ی راگەیاند، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە، ئەوی دیکەش قەسابە.
وتیشی، کارمەندە تەندروستییەکە لە نەخۆشەکەی دیکەوە تووشبووە، بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە، تووشبوویەکی دیکەش تۆمار کراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی کەرکووک چارەسەر وەردەگرێت.
کارمەندە تەندروستییەکە پەرستارێکە بەناوی یادگار نووری، تەمەنی نزیکەی 22 ساڵە، کارمەندی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووکە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی تای خوێنبەربوون بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
فەلاح خەلیل یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوان دەکەن بۆ رێگری و قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی ببێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە. ڤایرۆسەکە لەڕێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ."
رێگەکانی گواستنەوە بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی بریتین لە:
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
|