حکومەتی عیراق: رەشنوسی بودجە تەواو کرا و ئامادەیە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  128 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عیراق، رایدەگەیەنێت، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان، رەشنوسی بودجەیان تەواو کردووە، دەشڵێت: داهاتی نانەوتی زیادی کردووە و پرسی پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە و ئەگەری هەیە پەسەندکردنی بودجەش دوابکەوێت.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عیراق، لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵەکانی عیراقی راگەیاند، رەشنوسی بودجە، داهات و خەرجی و کورتهێنانی پێشبینیکراو لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی رێژەیەک لە بەرنامە و ئەدا لەخۆ دەگرێت، کە بڕی پارەی دیاریکراو بۆ بەرنامەیەک یان پرۆژەیەکی دیاریکراو تەرخان دەکرێت.

وتیشی: شێوازی ئامادەکردنی رەشنوسی بودجە بەجۆرێکە، کە قەرەبووی هەر هەژانێک دەکرێتەوە کە لە داهاتوودا رووبەڕووی لایەنی ئابوری و دارایی عیراق ببێتەوە.

وتەبێژی حکومەتی عیراق، لەسەر داهاتی نانەوتی، رایگەیاند بودجە بەرێژەیەکی بەرچاو پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی نانەوتی رێژەی 19%ی بودجە پێکدەهێنێت، کە پێشتر لە 11% تێپەڕی نەدەکرد.

 پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبودی ئاشکرای کرد، پرسی پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە و گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ هەرێم بەردەوامی هەیە، کە پەیوەستە بە پرسی رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو، کە پێویستە رۆژانە لانیکەم 445 هەزار بەرمیل رادەست بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم رایدەگەیەنن کە ناتوانن ئەو بڕە بەرهەمبهێنن، بەڵام ڕاپۆرتەکانمان دەریدەخەن بەرهەمیان لەوە زیاترە کە ڕایدەگەیەنن.

لە بارەی کاتی پەسەندکردنی بودجەی ساڵی2027، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەکرد پەسەندکردنی بودجە پەیوەستە بە دانوستان و گفتوگۆ سیاسییەکانەوە کە لە ساڵی 2003وە لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر دەکەن، لەگەڵ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە