حزبی شیوعیی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  39 جار خوێنراوەتەوە

حزبی شیوعیی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە یەکگرتوویی هەرێم و رەتکردنەوەی دابەشکردنی رێکخست.

حزبی شیوعیی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان و رەتکردنەوەی دابەشکردن رێکخست و رێباز هاشم، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کوردستان وتاری ناڕەزایەتییەکەی پێشکەش کرد.

بە ناوی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستانەوە، رێباز هاشم رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتییانی سەرتاسەری کوردستان دەکەن بە هەر شێوازێکی هێمنانە و شارستانیی گونجاو ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و لە بەرهەڵستکاریی شارستانی بەردەوام بن، تا بەدیهێنانی یەک هەرێمی یەکگرتوو، یەک دامەزراوەی پەرلەمانی، یەک حکوومەتی یەکگرتوو و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، سیستەمی دارایی و تەواوی دامەزراوە دابەشبووەکان.

ئەوەشی خستەروو، ئامانجی ناڕەزایەتییەکانیان دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک نان، کار، کارەبای بەردەوام، سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتوو و سیستەمی تەندروستیی دادپەروەرە بۆ خزمەتی هەژاران، نەک قۆرخکردنی بازاڕ و بەقوربانیکردنی کۆمەڵگا لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و زۆنگەراییدا.

روونیشی کردەوە، گەڕاندنەوەی زۆنگەرایی، دابەشکردنی کوردستان، زاڵکردنی هێز و گەڕانەوەی دەنگ و دەهۆڵی ململانێکانی رابردوو پەیڕەوکردنی چەمکی براوە و دۆڕاوە، بێگومان جگە لە دوژمنان و نەیارانی گەلی کوردستان، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کێشە سیاسی و ئابوورییەکان تەنیا لە رێگەی دیالۆگی نیشتمانی و ریشەیی و لەسەر مێزی گفتوگۆیەکی کراوە چارەسەر دەکرێن، بۆیە پێویستە ئەو دەروازەیە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورددا بە کراوەیی بمێنێتەوە.

پێش ئەم گردبوونەوانە، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان لە 12ی تشرینی دووەمی 2026 لە بانگەوازێکدا بە دروشمی (هەرێمێکی یەکگرتوومان دەوێت)، داوای لە هاووڵاتییان لە زاخۆوە تا خانەقین کردبوو، لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا لەبەردەم بارەگاکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە گرد ببنەوە.

ئەم هەڵوێستەی حزبی شیوعی لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە و بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سەرەکییەکان، پێکەهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دواکەوتووە. 

لە رووی مێژووییەوە، حزبی شیوعیی کوردستان لە ساڵی 1945 وەک لقی کوردیی حزبی شیوعیی عێراق دەستی پێ کردووە و لە ئایاری 1966 یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بەستووە، دواتر و لە دوای راپەڕینی 1991، لە 30ی حوزەیرانی 1993 وەک پارتێکی سەربەخۆی کوردستان راگەیەنراوە و لە تشرینی یەکەمی 2017ـەوە لە لایەن کاوە مەحموودەوە سەرکردایەتی دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە