ئێران داوایەک ئاراستەی پارتی و یەکێتی دەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  37 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت دەڵێت: ''هیوادارین بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، کێشەکان چارەسەر بکرێن''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق، باشترین رێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

ئیسماعیل بەقایی لە وەڵامی پرسیارێی ڕۆژنامەنووسێکدا وتی: "بۆچوونی ئێران سەبارەت بە ناکۆکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان چییە و ئایا دابەشبوونی هەرێم بەو شێوەیەی کە بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کردووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟" وتی: ''ئێمە هیوادارین ئەو کێشانە بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و هەروەها (گفتوگۆی) نێوان بەرپرسانی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق چارەسەر بکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد پێم وایە ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین دەستووری عێراق لەم بوارانەدا کێشەکانی یەکلایی کردووەتەوە. لە هەر وڵاتێکیشدا دەستوور باشترین بنەما و بەڵگەیە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی ئەو وڵاتە''.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە