مەسعود بارزانی: داوا لە برایانی یەکێتی دەکەم لەگەڵ پارتی دابنیشن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن، هەروەها داواش لە لایەنەکانی دیکە دەکات پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێکبهێنن.
ئەمڕۆ 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسعود بارزانی لەبارەی پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی دیکە گەورەترە."
دەقی بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی، پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە.
لەسەر ئەو بنەمایەش، داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.
زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
مسعود بارزانی
9ی تشرینی دووەمی 2026
|