لافاوەکەی شەوی رابردوو زیانی بە چەند خانوو و دووکانێک گەیاندووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

درەنگانی شەوی رابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین کەرکووکی گرتەوە، شارەوانیی کەرکووک دەڵێت لافاو لە چەند گەڕەکێک دروستبوو و چەند خانوو و دووکانێکیش زیانیان بەرکەوت.

عەدنان رەشید، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی کەرکووک بە میدیاکانی وتووە "پێشتر هۆشداریمان دابوو لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرجەم تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانیی خرابوونە ئامادەییەوە."

عەدنان رەشید وتی، "بەهۆی زۆری بارانەکەوە لافاو لە چەند گەڕەکێکی شارەکە دروستبوو و ژمارەیەک دووکانیش لە گەڕەکەکانی رەحیماوا و شۆراو ئاویان تێچوو."

ئەو بەرپرسەی شارەوانی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "تیمەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەی گەڕەکەکان و ئەو خانوو و دووکانانەی ئاویان تێچووە؛ هاوکات هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان دەستیپێکردووە."

عەدنان رەشید جەختیشکردەوە، "تیمەکان سەرقاڵ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکەن، بەڵام دەزانین ژمارەیەکی زۆر خانوو و دووکان ئاویان تێچووە."

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو هاووڵاتیانی گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە چەند دیمەنێکی کاتی کۆبوونەوەی ئاوو و لافاوەکەیان بڵاوکردەوەو ئاماژەیان بەوەدەکرد کە فەرمانگەکانی کەرکووک بە تایبەت فەرمانگەی ئاوەڕۆ نایەن بە هانایانەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە