حکومەتی عێراق مەرجی نوێ بۆ کۆڕەک تێلیکۆم دادەنێت
53 خولەک پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) کۆمەڵێک مەرجی یاسایی و دارایی نوێی ڕادەستی ئیدارەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم کرد، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دۆسیەی مۆڵەتی کارکردن و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەرجە سەرەکییەکانی حکومەتی فیدراڵ بریتیین لە پاکتاوکردنی تەواوی شایستە داراییەکان، باج، و ئەو سزایانەی لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون بە چەندین ملیار دینار لە بەرژەوەندی گەنجینەی دەوڵەتی عێراق. هاوکات لایەنی عێراقی داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی مۆڵەتی کارکردن دەکات بەپێی یاسا و ڕێنماییە نوێیەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان.
بەگوێرەی مەرجەکان، لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە کۆڕەک دۆسیەی باج بە تەواوەتی پاکتاو بکات و ئەستۆپاکی دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێشکەش بکات و مەرجێکی دیکەش تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کە بڕەکەیان زیاتر لە دوو تریلیۆن دینارە؛ دەستەکە ئامادەیی نیشانداوە لە رێگەی گرێبەستێکی نوێوە قەرزەکان بکاتە قیست، بەڵام بەو مەرجەی کۆمپانیاکە لە قۆناغی یەکەمدا 500 ملیار دینار بە شێوەی کاش ڕادەست بکات.
لە بەشێکی تری مەرجەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئاساییکردنەوەی بەیەکگەیشتنی تۆڕەکان (Interconnection) لە نێوان کۆڕەک تێلیکۆم و کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی (ئاسیاسێڵ و زێن عێراق) بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئاستی پابەندبوونی کۆڕەک بە جێبەجێکردنی مەرجە دارایی و هونەرییەکاندا.
ئەم هەنگاوەی بەغدا لە کاتێکدایە کە ڕاگیرانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆڕەک و تۆڕەکانی تر کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن لەناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردووە و دەستەی ڕاگەیاندنیش جەخت دەکاتەوە کە تا ڕادەستکردنی شایستەکان هیچ کارئاسانییەک ناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دووپاتی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم دوو مەرجە بنەمای یەکلاکەرەوەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆڕەک، بە پێچەوانەشەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕی عێراقدا نادرێت.
|