ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ترەمپ و زیلینسکی ئاشکرابوو

4   کاتژمێر پێش ئێستا  377 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "زۆرباشی"ـی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا کردووە و دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئۆکراینا بەردەوام دەبن، "سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا نەگەیشتمە رێککەوتنی کۆتایی."
 
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە تەلەفۆن قسەی کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانەی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەوی سێشەممە، ترەمپ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باسی کردبوون، بەتایبەت رێککەوتنیان بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی وزە بۆ ماوەی 30 رۆژ. 
 
دوای پەیوەندییە یەک کاتژمێرییەکە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"، رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆک زیلینسکیی ئۆکرانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم کرد، کە زۆر باش بوو، نزیکەی یەک کاژێری خایاند. زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر ئەو پەیوەندییەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆک پووتین بوو." 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا، نووسیوویەتی: "تاوەکو رووسیا و ئۆکرانیا لە رووی داواکاریی و پێداویستییەکانەوە هاوتا بکرێن. ئێمە لەسەر رێڕەوین بۆ گەیشتن بەرێککەوتن، داوا لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و مایکل واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەکەم، بەشێوەیەکی ورد باس لەو خاڵانە بکەن، کە باسیان لێوەکرا." 
 
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ ساڵییەکەی ئۆکراینا لەکاتێکدایە کیێڤ و مۆسکۆ یەکدیان تۆمەتبار کرد بەوەی رێزیان لە رێککەوتنەکەی دوێنێ شەوی ترەمپ و پووتین نەگرتووە بەوەی بەشێوەیەکی کاتی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە رابگرن. 
 
ئەمە یەکەمجارە ترەمپ و زیلینسکی قسە دەکەن، لەدوای دەمەقاڵێکەی نێوانیان لە نێو کۆشکی سپی لەسەرەتای ئەم مانگە، کە بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی ئەمریکا هاوکارییە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی بۆ ئۆکراینا رابگرێت. 
 
سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، رایگەیاند کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا لەگەڵ ترەمپ، زیلینسکی وردەکاری لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و پووتینی پێدەدرێت. 
 
بەڵام پووتین بە ئاگربەستی تەواو رازی نەبووە و جەختی لەسەر ئەوە مەرجانە بۆ ئاگربەستی تەواو کردووەتەوە کە بریتییە لەوەی دەبێت هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا رابگیرێت، بەسەربازیکردنی زۆرەملێ لە ئۆکراینا نەمێنێت و رێگەش نەدرێت، ئۆکراینا پڕچەک بکرێت.
 
وەک بەشێک لە هەنگاوی سەرەتایی دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، هەریەک لە ئۆکراینا و رووسیا، 372 دیلیان ئاڵوگۆر کرد. 
 
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022وە، رووسیا توانیویەتی نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە