میسر بڕیاریدا لە جەنگدا پاڵپشتیی سعودیە بکات

48   خولەک پێش ئێستا  186 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی بەرگریی نیشتمانیی میسر رۆژی یەکشەممە پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سعودیە راگەیاند و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێویست بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای پەرەسەندنی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەری.

ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکدا درا کە بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر لە کۆشکی ئیتیحادییە بەڕێوەچوو، ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان و ئەو گرژییانە بوو کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر سعودیە.

محەممەد شیناوی، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری میسر رایگەیاند، ئەنجوومەنەکە جەختی لەسەر وەستانی تەواوەتی لە پاڵ سعودیەدا کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵوێستە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە، بەو پێیەی ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی میسر و وڵاتانی عەرەبی.

ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی میسر بڕیاریداوە هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێویست و گونجاو پێشکێشی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بکات، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە و پاراستنی سەروەت و سامان و سەلامەتیی خاکەکەی لەگەڵ شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکان دا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە