هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا وەستاوە

53   خولەک پێش ئێستا  30 جار خوێنراوەتەوە

بۆ ماوەی سێ هەفتەی لەسەریەک، هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتەواوی ڕاوەستاوە و هیچ بڕە نەوتێک نەگەیشتووەتە ئەو وڵاتە.

داتاکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەریدەخەن کە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، عێراق هیچ بڕە نەوتێکی هەناردەی ئەمریکا نەکردووە. لە بەرامبەردا، تێکڕای هاوردەی نەوتی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە 10 وڵاتی سەرەکییەوە پێنج ملیۆن و 407 هەزار بەرمیل بووە. 

فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە لە سێ هەفتەی ڕابردوودا هاوردەکردنی نەوتی خاو لە عێراقەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان سفری تۆمار کردووە و پرۆسەکە بەتەواوی ڕاوەستاوە.

لە ساڵی 2025ـدا عێراق ڕۆژانە 249 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا هەناردە دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2026 بەهۆی دۆخی سیاسی و گۆڕانکاری لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر قەبارەی هەناردەکردندا هاتووە. تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا 226 هەزار بەرمیل بووە، کە کۆی گشتیی ئەو مانگە گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکراو.

ئەمریکا گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا و ڕۆژانە پێویستی بە 20 ملیۆن بەرمیلە بۆ پڕکردنەوەی خواستەکانی. بۆ دابینکردنی ئەم بڕە زۆرە، مانگانە ملیۆنان بەرمیل نەوت لە وڵاتانی وەک کەنەدا، ڤەنزوێلا، نیجیریا، بەڕازیل، گیانا، مەکسیک، کۆڵۆمبیا، سعوودیە، لیبیا، ئەرجەنتین و چەندین وڵاتی دیکەوە هاوردە دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە