هەولێر و بەغدا لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران گفتوگۆ دەکەن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستەییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ی عێراق دەکەن، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش، لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا هەیە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی وتووە، گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پلەبەرزکردنەوە لە بەغدا، لە هەرێمی کوردستانیش پرۆسەکە دەست پێ دەکات.

وتیشی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکان لەبارەی بودجەی 2027 سەردانی بەغدا دەکەن، بەڵام هێشتا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا زانیارییەکانی تایبەت بە خشتەی پلەبەرزکردنەوە، سەرمووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران ئامادە بکەن، ئێستا پرۆسەکە بەردەوامە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوە کە ماوەی 11 ساڵە ڕاگیراوە.

لە ساڵی 2016ەوە، بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان وەستاوە، لە عێراقیش 3 ساڵە ئەو پرۆسەیە وەستاوە، هەولێر و بەغدا لێکتێگەیشتنیان هەیە، بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکەنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە