"پەرلەمان دەسەڵاتی نییە و بەرزکردنەوەی دۆلار وەک خۆی تێدەپەڕێت"
53 خولەک پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
شارەزایەکى ئابووری دەڵێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەسەڵاتی بەرزکردنەوەی بەهای بودجەی نییە، دەسەڵاتەکانی لەم ڕووەوە تەنیا لە ئەنجامدانی گواستنەوەی دارایی یاخود کەمکردنەوەی کۆی گشتیی بودجەدا کورت دەبێتەوە.
نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووریی سەبارەت بە دەسەڵاتى پەرلەمان لە دەستکاریکردنى نرخى ئاڵۆگۆڕى دراو و بەرزى نرخى دۆلار، ڕایگەیاند، دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ ناکرێت بێتە جێگەی ناڕەزایەتیی پەرلەمانتاران بەو شێوازەی کە ئێستا خستوویانەتەڕوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەسەڵاتی بەرزکردنەوەی بەهای بودجەی نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشوەختە ئاگاداری ڕەشنووسی بودجە و ئەو ژمارانە بوون کە تێیدا هاتبوون، بە داھات و خەرجییەکانیشەوە، جووڵەی پەرلەمانتاران بۆ ڕەتکردنەوەی گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕ، ڕەنگە هەوڵێک بێت بۆ کڕینی کات و هێورکردنەوەی توڕەیی شەقام.
مەرسومى پێشبینیشی ئەوەشی کرد، پەرچەکردارەکان لە دوو ڕۆژی داهاتوودا هێور بببنەوە و بڕیاری هەمووارکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ وەک خۆی تێپەڕێت.
ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕى دراو بووەتە بەشێک لە واقیع، پێشبینیشی کرد کارکردن بە بڕیارەکە بەردەوام بێت و ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ ڕێکارێک نەگرێتە بەر کە بێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق پەسەندکردنی نرخێکی نوێی ئاڵوگۆڕی دۆلاری بە ١٥٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک ڕاگەیاندبوو، لە بەرامبەردا، ئەنجومەنی نوێنەران جووڵەیەکی پەرلەمانتارانی بەخۆیەوە بینی و داواى دانیشتنێکی نائاساییان کرد، بەمەبەستی تاوتوێکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار.
|