دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی جارێکە دیکە دواخرا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  9 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنێکی دیکەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە بەڕێوەچوو، بەبێ بڕیاردانی دادوەر، دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

دانا تەقیەدین، وتەبێژی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دادوەر تۆمەتەکانی ئاراستەی هەر 12 کەسەکە کرد، بەڵام هەموویان سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردەوە".

دانا تەقیەدین وتیشی: "دەرفەتی قسەکردن بە تۆمەتباران نەدرا، تەنیا تۆمەتەکانیان ئاراستە کرا و ئەوانیش رەتیانکردەوە".

وتەبێژی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتنەکە دواخراوە بۆ پێنجشەممەی داهاتوو 15-10-2026.

دوایین دانیشتنی دۆسیەی لالەزار، 17ی ئەیلوول بەڕێوەچوو، تێیدا وتە لە لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی وەرگیرا و دواتر دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-10-2026 دواخرابوو.

دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای سلێمانی، حەوتەمین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بوو. دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا تایبەت بوو بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە هەوڵدان بۆ کوشتن.

لە مادەی 56دا هاتووە:

1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و 1 ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.

2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4)ی ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.

لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3کاتژمیر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.

لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە