مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
169 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و جەختیش دەکاتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیاریەتیەکی نیشتمانییە و پێویستە لایەنەکان وەفایان بۆ دەنگی خەڵک هەبێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیوادارم پەرلەمانتارەکان بێن و پەرلەمان کارا بکەنەوە و هەر قسەیەکیان هەیە لەوێ بیکەن، بۆ ئەوەی هەنگاو بنێین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
وتیشی، کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە و پێویستە لایەنەکان وەفایان بۆ دەنگی خەڵک هەبێت.
نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کراوە، تەنیا یەک دانیشتن بەڕێوەچووە و پەرلەمانتارەکان سوێندی یاساییان خواردووە، نە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوە نە ڕێککەوتن لەسەر کابینەی نوێی حکومەت کراوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆتایی هاتنی ئەرکی هەوپەیمانان رایگەیاند، شەڕی داعش کۆتایی هاتووە، بۆیە هێزەکانی هاوپەیمانان کشاونەتەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق نەمابێت. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە.
وتیشی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیمبولی بووە، زۆربەی شەڕەکانی دژی داعش لەلایەن پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق کراون، ئێستا کە شەڕی داعش کۆتایی هاتووە، ئەرکی هاوپەیمانانیش کۆتایی هاتووە بۆیە ڕۆیشتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانییە بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی لە گفتگوگۆداین داوامان لە دۆستەکانمان کردووە، بۆ ئەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دا، کە هیچ مەترسییەکی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە.
|