"ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز قسەکانی مەسرور بارزانی وەک خۆی بڵاو نەکردووتەوە"
26 خولەک پێش ئێستا
11 جار خوێنراوەتەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (فاینانشەڵ تایمز)ـی بەریتانی بڵاو دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی وەک خۆی بڵاو نەکراوەتەوە.
دوای ئەوەی ڕۆژنامەی (فاینانشەڵ تایمز)ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا چەند لێدوانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند کە نووسەری ڕاپۆرتەکە لێدوانەکانی وەک خۆی نەگواستووەتەوە و زیاتر بۆچوون و لێکدانەوەی کەسیی خۆی تێکەڵ بە قسەکانی کردووە، بۆیە دەقی دروستی لێدوانەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە.
لە دەقی ڕاستەقینەی لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە. هاوکات هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی.
|