"هێرشكردنە سەر مەككەی پیرۆز ئیدانە دەكەین و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
195 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە ئاراستەکردنی درۆنەکان بۆ سەر شانشینی عەرەبی سعوودی و هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز سەرکۆنە دەکات و دەڵێت هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی پادشایەتییەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەردانیکەرانی ماڵی خوای گەورە.
ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە ئاراستەکردنی درۆنەکان بۆ سەر شانشینی عەرەبی سەعوودی و هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز سەرکۆنە دەکات، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی پادشایەتییەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەردانیکەرانی ماڵی خوای گەورە.
جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئاسایشی شانشینی عەرەبی سەعوودی و سەقامگیری و سەروەری و سەلامەتیی خاکی ئەو وڵاتە، پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیرییەکەی، و هەر هێرشێک کە خاکەکەی بکاتە ئامانج یان هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە، جێگەی ڕەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنە.
بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز بەو پێگەیە گەورە ئاینی و ڕۆحییەی کە لای مۆڵسڵمانانی جیهان هەیەتی، پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدارە و هەڕەشە لە پیرۆزیی شوێنە پیرۆزەکان و سەلامەتیی میوانانی ڕەحمان دەکات، ئەمەش پێویستی بە سەرکۆنەیەکی ڕوون و یەکلاکەرەوە هەیە لەم بارەیەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزیی تەواوی خۆی لەگەڵ شانشینی عەرەبی سەعوودی دەردەبڕێت لە پاراستنی ئاسایش و سەروەری و سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووان و میوانەکانیدا، و جەخت لە پشتگیریکردنی هەموو ئەو هەوڵانە دەکاتەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ناکۆکییەکان نابنە هۆکار یان بەهانەیەک بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان یان شوێنە پیرۆزە ئاینییەکان، و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، پیرۆزیی شوێنە ئاینییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان دەبێت وەک بنەمای نەگۆڕ بمێنن و نابێت دەستکاری بکرێن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان
|