سەرۆکایەتیی هەرێم: نابێت خاکی عێراق ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ
1 کاتژمێر پێش ئێستا
134 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوت لە سعودیە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە دەردەبڕێت و جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوت لە شانشینی عەرەبیی سعودیەی برا و هاوپشتیی تەواوی خۆمان لەگەڵ شانشینی سعوودیە و پەرۆشیمان بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دووپات دەکەینەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی بەغدا کراوە و هاتووە: "پشتیوانی لەو رێکارانە دەکەین کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییانە و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی، دەیگرێتەبەر."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەسەر پاراستنی سەروەری و دراوسێیەتیی باش کردووەتەوە و دەڵێت: "نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسێیەتیی باش و پەنابردنە بەر دیالۆگ و هاوکاری، گونجاوترین رێگەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
شەوی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بۆریی نەوتی ستراتیژیی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە، لەڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
|