بەنزینی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا چی لێهات؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
121 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەی بەدواداچوون بۆ پرسی سووتەمەنی لە پەرلەمانی عێراق، چاوەڕێی پێشنیازی فەرمیی هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین. ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون لەبارەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتی راگەیاند، هەفتەی رابردوو لیژنەکەیان بە جیا لەگەڵ هەردوو وەزارەت کۆبووەتەوە و داوایان لێکردوون پێشنیاز و داواکارییەکانیان بە نووسراو پێشکەش بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک وەڵامی نەداوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی هەردوو وەزارەت بگاتە دەستیان.
وتیشی: "هەفتەی داهاتوو لیژنەکە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرز دەکاتەوە، تاوەکو رێکاری پێویست و گونجاو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بگیرێتە بەر."
ئەم هەوڵە پەرلەمانییە دوای ئەوە دێت، کە لە رۆژی 27-07-2026 لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان بڕیاریدا لیژنەیەکی کاتی بۆ بەدواداچوونی تەرخانکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت، ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتیکراوی حکومی.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی عامر عەبدولجەبار و ئەندامێتیی 7 پەرلەمانتاری دیکە پێکهێندراوە، کە بریتین لە: جاسم عەتوان، سیپان شێروانی، عەلی شەداد، غالب محەممەد، کاوە عەبدولقادر، گوڵسەن محەممەد و محەممەد عەربود.
|