هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیلە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە دوو ملیۆن و 180 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەن، کە 150 هەزار بەرمیلی، نەوتی هەرێمی کوردستانە و بڕەکەشی لە زیادبووندایە.
سەلیم رووکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا بە تێکڕا زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت و لەو بڕەیەش هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 150 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات".
سەلیم رووکابی، ئاماژەی بەوەشدا: "بە تێکڕا لە بەندەرەکانی باشووری عێراق رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکرێت و بڕەکە لە زیادبووندایە. هەروەها لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 150 هەزار بەرمیلی، نەوتی هەرێمی کوردستان و 30 هەزار بەرمیلەکەی دیکەی، نەوتی کەرکووکە و بڕی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە زیادبووندایە".
وتیشی جگە لە نەوتی خاو، وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتی رەش بە تانکەر هەناردەی سووریا دەکات.
رۆژی 29ی ئابی 2026 كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، رایگەیاند، كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە نزیكەی 220-250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
رۆژی سێشەممە، 1ی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ستافی باڵای وەزارەتی نەوتی کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ستراتیژیی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵانی 2027-2030.
زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پێویستە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی دا بە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
|