هێزێکی ئەمنیی حکومەتی سووریا لە شاری حەسەکە جێگیر کران

49   خولەک پێش ئێستا  16 جار خوێنراوەتەوە

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێکی زۆری سەربازی سەر بە حکومەتی سووریا، لە چەند دەروازەیەکەوە چوونە ناو سەنتەری شاری حەسەکە.

چوونی ئەو هێزەی حکومەتی سووریا لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە دێت کە لە 29-1ـی ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا واژۆ کرا بوو. لەسەر ئەو بنەمایە هێزەکانی پێشووی سووریای دیموکرات لەناو هێزەکانی دەوڵەتی سووریا تێکەڵ دەکرێن. 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، هێزێکی سەربازیی کە پێکهاتوون لە هەریەکە لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزی ئاسایشی گشتی، پۆلیسی سەربازی و هێزێکی تایبەت، بە چەکی سووک و مامناوەند چوونەتە ناو حەسەکە و ژمارەیەک بارەگای پێشوی هەسەدەیان لە سەنتەری شاری حەسەکە وەرگرتووە، لەوانە سەربازگەی "تەڵائیع".

میدیاکانی نزیک لە ناوەندی خۆسەر دەڵێن، ئەوانەی هاتوون تەنیا هێزێکی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆن و داوا لە خەڵک دەکەن نیگەران نەبن.

ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە، دوێنی نوردەین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە پێشوازی کردبوو لە شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی سووریا و لە کۆبونەوەکە باسی هێنانی ئەو هێزانە بۆ ناو حەسەکە کرا بوو.

ڕۆژی 25ـی مانگی هەشت، مەزڵوم عەبدی، لە کۆشکی شەعب لە دیمەشق هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی و تێکەڵکردنی بە هێزەکانی سووریای ڕاگەیاند.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە