عەلی زەیدی: 30ی ئەیلول سەروەریی خۆمان بەسەر خاکی عێراقدا ڕادەگەیەنن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  160 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت بەرنامەی حکومەتەکەی ڕێبازێکی ڕوونە بۆ بنیاتنان و چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی ژینگەی کار ئاماژەبەوەش دەکات  زۆر پێویستمان بە پابەندبوون بە ڕێبازی پێغەمبەری بەڕێزمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی یەکڕیزی لەو هەڵوێست و بڕیارانەی کە خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی گەلەکانمان دەکەن.

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرپەرشتی ئاهەنگێکی کرد کە لەلایەن دیوانی وەقفی سوننەوە لە بەغدای پایتەخت ڕێکخرا، بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە وتارێکدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و تەواوی ئوممەتی ئیسلامی کرد، بە هەموو ئەو بەهایانەی ئیمان و خێر و چاکسازییەی کە لەخۆی دەگرێت، و ئاماژەی بەوە کرد کە پێغەمبەری ئازیز بەرزترین سیفەتەکانی تێدا کۆبووەتەوە، هەروەک چۆن ڕەوشتی بەرز و پەسەند لە ژیاننامە پیرۆزەکەیدا بەرجەستە بووە.

عەلی زەیدی ڕوونی کردەوە ئەم بۆنەیە وەبیرهێنانەوەی هەموو ئەوانەیە کە بەشدارن لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر کە شکۆ و ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی بەدەست دەهێنێت.

جەختیشی لەوە کردەوە حکومەت بەردەوامە لە بنیاتنانی عێراقێکی ئازاد و خاوەن سەروەریی تەواو، کە هەموو هۆکارەکانی ڕێز و شکۆمەندی و ئاسایشی بۆ گەل تێدا فەراهەم بێت، ئەویش لە ڕێگەی هاوکاریی هەموو ڕۆڵەکانییەوە بۆ پاراستنی و دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی و ئایندەی نەوەکانی.

دەقی وتارەکەی عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:

بەرنامەی حکومەتەکەمان ڕێبازێکی ڕوونی لەخۆگرتووە بۆ بنیاتنان و چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی ژینگەیەکی کاری بەرهەمدار.

سوورین لەسەر بنیاتنانی ئەو دامەزراوە ئەمنییانەی کە لە ژێر سێبەری دەستووردا کار دەکەن.

سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و سەرجەم دامەزراوە ئایینییەکان دەکەین بۆ ڕاسپاردەکانیان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی عێراق و گەلەکەی.

پابەندبوونمان بە پێداویستییەکانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵگە و سەروەریی یاسا دووپات دەکەینەوە و عێراق نابێتە وێستگەیەک بۆ ئازاردانی ئەوانی تر.

عێراقییەکان لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا تەواوبوونی سەروەریی خۆیان بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا ڕادەگەیەنن.

ناوچەکەمان گرژی و ئاڵۆزیی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت کە بووەتە هۆی دووبەرەکی لە ڕێباز و دیدگاکانی بەڕێوەبردن بۆ وڵاتانی سیستەمی ئیسلامی.

ئێمە زۆر پێویستمان بە پابەندبوون بە ڕێبازی پێغەمبەری بەڕێزمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی یەکڕیزی لەو هەڵوێست و بڕیارانەی کە خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی گەلەکانمان دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە