هەژماری من بۆ مووچەخۆران: پارەی کاش نامێنێ کارتەکانتان وەربگرنەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  45 جار خوێنراوەتەوە

پڕۆژەی هەژماری من دەڵێت،  31ـی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکی لەلایەن مووچەخۆرانەوە، دوای ئەو وادەیەش، مووچەی سەرجەم مووچەخۆران تەنیا لە رێگەی هەژماری منەوە دابەش دەکرێت.

 هەژماری من لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵدایە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر مووچەخۆرێک دوای 31ـی ئابی 2026 مووچەکەی لە رێگەی هەژماری منەوە نەبێت، شایستە داراییەکانی رادەوەستێت.

پڕۆژەی هەژماری من بڵاویکردەوە، ئێستا 50 هەزار کارتی بانکی لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە. داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات بە زووترین کات سەردانی بانکە دیاریکراوەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

راشیگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەشی نامەی وەرگرتنەوەی کارتیان بەدەست نەگەیشتووە، دەتوانن لە 11 رۆژی داهاتوودا چاوەڕوانی نامەی ئاگادارکردنەوە بن. نامەکان لە رێگەی واتس ئاپ، ڤایبەر و کورتەنامەوە دەنێردرێن و تێیدا ناوی ئەو بانکە حکوومییە دیاری دەکرێت کە پێویستە مووچەخۆر سەردانی بکات.

هاوکات پڕۆژەکە دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان تۆمار کردووە و کارتیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 1991ـی سەنتەری خزمەتگوزاریی هەژماری من بکەن. لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە مووچەخۆر ناوی سیانی و ژمارەی تەلەفۆنەکەی دەدات و تیمەکانی پڕۆژەکە بەدواداچوون بۆ کارتەکەی دەکەن و وردەکارییەکانی وەرگرتنەوەی کارتیان بۆ روون دەکەنەوە.

تیمەکانی پێدانەوەی کارتی بانکی لە بانکە حکوومییەکان، رۆژانە لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی تا 4:00ـی ئێوارە کار دەکەن. بۆ ئاسانکاریی زیاتر، زیاتر لە 710 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کراون تا هاووڵاتیان بەشێوەی 24 کاتژمێری سوودی لێ ببینن.

بەگوێرەی ئامارەکانی پڕۆژەکە، زیاتر لە 92%ـی مووچەخۆران کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە و زیاتر لە 920 هەزار سوودمەندیش مووچەی مانگی تەممووزیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە، کە 90 هەزاریان بۆ یەکەمجارە بەو شێوازە مووچەکەیان وەردەگرن.

پڕۆژەی هەژماری من لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بەمۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە