دادگای تاوانەکانی سووریا سزای لە سێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد دەرکرد

1     کاتژمێر پێش ئێستا  70 جار خوێنراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی دیمەشق، سزای لە سێدارەدانی بۆ سەرۆکی پێشووی سووریا و برایەکی و ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی پێشووی ئەو وڵاتە دەرکرد. 

فەخرەدین عەریان، دادوەری دادگای چوارەمی تاوانەکانی دیمەشق، لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکاندا رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکان و وتەی شایەتحاڵەکان، ئەو تاوانانەی دراونەتە پاڵ بەشار ئەسەد، دەچنە چوارچێوەی "تاوان دژی مرۆڤایەتی".

فەخرەدین عەریان ئاماژەی بەوە کرد، بەشداریی بەشار ئەسەد لەو تاوانانەدا وەک "خاوەنی باڵاترین بڕیار" بووە لە دەوڵەتدا و تەواوی دەزگاکانی وڵاتی بۆ کردنی ئەو تاوانانە بەکارهێناوە. دادگاکە بەشار ئەسەدی بە تاوانباری سەرەکی لە دۆسیەکانی "کوشتنی بە ئەنقەستی زیاتر لە کەسێک و منداڵان، ئەشکەنجەدان، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، دادگاکە سزای لەسێدارەدانی بۆ عاتیف نەجیب، سەرۆکی پێشووی لقی ئەمنی سیاسیی لە دەرعا، کە کوڕە خاڵی بەشار ئەسەدیشە، دەرکرد. هەروەها سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لەو فەرماندە و بەرپرسانەی کە ئێستا هەڵاتوون و ناوەکانیان لە دۆسیەکەدا هاتووە دەرکرا، ئەوانیش بریتین لە:

- ماهیر حافز ئەسەد، برای سەرۆکی سووریا و فەرماندەی فیرقەی چوار.

- فەهد جاسم فەریج، وەزیری پێشووی بەرگری.

- محەممەد ئەیمەن عەیوش

- لوئەی عەلی 

- قوسەی ئیبراهیم مەهیووب

- وەفیق ساڵح ناسر

- تەلال فارس عوسەیمی

دادگاکە رایگەیاند، ئەم کەسانە بە تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست و ئەشکەنجەدان کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان" تاوانبار کراون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 بۆ رووسیا هەڵات، ئەوەش راستەوخۆ دوای ئەوەی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە فەرماندەیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی پێشووی دەستەی تەحریری شام هێرشیان کردە سەر دیمەشق و کۆنتڕۆڵیان کرد. بەمەش کۆتایی بە زیاتر لە نیو سەدە حوکمڕانیی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا هێنرا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە