حووسییەکان کۆمپانیای ئارامکۆیان لە سعودیە کردە ئامانج
1 کاتژمێر پێش ئێستا
146 جار خوێنراوەتەوە
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هەردوولا، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، چەند دامەزراوەیەکی نەوتییان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای سعودیە لەسەر دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشەی حووسییەکان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە سعودیە چەندین هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەی ئەو هاپەیمانەی ئێران لە شاری حودەیدە لە یەمەن.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیان ئەنجامداوە؛ لە یەکەمیاندا لەرێگەی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی درۆنەوە ئامانجە هەستیارەکانی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی جیزان کرانە ئامانج. لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا، ئامانجە هەستیارەکانی سەر بە هەمان کۆمپانیا لە ناوچەی یەنبوع هێرشیان کرایە سەر."
وتەبێژە سەربازییەکە هۆشداریشی دا بە سعودیە و وتی: "لەگەڵ پێشهاتەکانی چەند کاتژمێر و رۆژەکانی داهاتووەوە، جووڵەکانمان فراوانتر دەکەین و هەنگاوەکانمان ئاڵۆزتر دەکەین."
|