نرخی مریشک بەرزبووەوە و کیلۆی گەیشتە چوار هەزار دینار

14   کاتژمێر پێش ئێستا  229 جار خوێنراوەتەوە

نرخی مریشک بەرزبووەوە و کیلۆی بە زیاتر لە چوار هەزار دینارە سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێ: "هۆکاری زۆر هەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخ و چاودێریی حکومەت پێویستە".

نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، رایگەیاند: "کیلۆیەک مریشکی گەورە لە پەلەوەرخان بە کۆ بۆ 3 هەزار و 750 دینار بەرزبووەتەوە".

سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان وتی: "نزیکەی 40%ی خاوەن کێڵگەکان بەهۆی نەخۆشییەوە جوجکیان نەخستە هۆڵەکانەوە؛ هۆڵ هەیە 3 هەزار و 500 جوجکی تێدا مرداربووە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەم و تێچووی زیاتری پێگەیاندنی مریشک".

بە وتەی نازم عەبدوڵڵا، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە کە شوباتی ئەم ساڵ دەستی پێکرد، لە کاتی جەنگەکەدا تۆنێک ئالیک لە 610 هەزار دینارەوە گەیشتە 825 هەزار دینار؛ هەروەها تۆنێک گازی شل گەیشتە سێ ملیۆن دینار و ئەوەش زیانی لە خاوەن کێڵگەکان دا و بەهۆیەوە بەشێکیان دووبارە جوجکیان نەخستە هۆڵەکانیانەوە.

سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان پێشبینی دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا نرخی مریشک کەمێک دابەزێ و گوتی: "پێویستە دانەبەزێ بۆ کەمتر لە سێ هەزار دینار، چونکە نەخۆشی لە سەرەتاسەری عێراقدا بڵاوە کە ڤایرۆسەکانی IB، نیوکاسڵ و گومبۆرۆیە. خاوەن کێڵگە هەیە هێندە زیانی کردووە کیلۆیەک مریشک بداتە 15 هەزار دیناریش قەرەبووی زیانەکانی ناکاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە نرخ لە سێ هەزار زیاتر دانەبەزێ".

نازم عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد: "هێشتا نرخی ئالیک تەواو ئاسایی نەبووەتەوە ئەمڕۆ تۆنی نزیکەی 725 هەزار دینارە، کواڵیتی کۆنترۆڵ لە کارگەکانی ئالیک ناپرسێتەوە، چونکە هێشتا بەراورد بە پێش جەنگ تۆنی نزیکەی 90 هەزار دینار گرانترە".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک هەیە سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان داوا دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری بەرهەم و نرخ زیاتر بکات، چونکە ئەوە کاریگەری  لەسەر نرخی مریشک دەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە