وەزارەتی دارایی عێراق داوای گەڕانەوەی سەرجەم پارە دزراوەکان دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  7 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەو پارە و موڵکانەی کە لە ئەستۆی سزادراوانی کەیسەکانی گەندەڵیدان، بۆ گەڕانەوەیان هەر ڕێکارێک کە دەگیرێتەبەر دەبێت گەرەنتی گەڕانەوەی تەواوی مافەکان بکات بەبێ هیچ کەمکوڕییەک.

وەزارەتی دارایی عێراق، سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو پارە و موڵکانەی کە لە ئەستۆی سزادراوانی کەیسەکانی گەندەڵیدان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، ئەو پارە و موڵکانەی کە لە ئەستۆی سزادراوانی کەیسەکانی گەندەڵیدان، بۆ گەڕانەوەیان هەر ڕێکارێک کە دەگیرێتەبەر دەبێت گەرەنتی گەڕانەوەی تەواوی مافەکان بکات بەبێ هیچ کەمکوڕییەک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە پاراستنی لایەنی دارایی و دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی تەواوی ئەو مافانەی، کە هی گەنجینەی گشتین و لە ئەنجامی تاوانەکانی گەندەڵییەوە فەوتاون.

وەزارەتى دارایی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان وەک وەزارەتى دارایی دەسەڵاتی بڕیاردانی لێخۆشبوونیان نییە بۆ هیچ تۆمەتبارێک، بەڵکو دەبێت ڕێکارەکان پابەندکەر بن و بە جۆرێک بن کە پاراستنی ماڵ و سامانی گشتی بە کردەیی مسۆگەر بکەن و بتوانرێت لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بکرێن.

پێشتریش دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کردبوو، کە کۆی گشتی ئەو پارە و داراییانەی لەم دۆسیانەی گەندەڵیدا دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە ١٢٧ ملیار دینار و ٢٤ ملیۆن دۆلار، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی چەندین خانوو، زەوی و ئۆتۆمبێلی گرانبەها کە بەو پارانە کڕدراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە