قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق گەیشتوونەتە زیاتر لە 103 تریلیۆن دینار

1     کاتژمێر پێش ئێستا  2 جار خوێنراوەتەوە

ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق نیشانی دەدەن قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست، کە زیاتر لە 103 تریلیۆن دینارە. راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییانەی رووبەڕووی دارایی عێراق بوونەتەوە، قەرزە ناوخۆییەکان زیادیان کردووە.

بەپێی ئەو داتایانەی لە راپۆرتی مانگانەی بانکی ناوەندیی عێراقدا هاتووە، کۆی گشتیی قەرزە ناوخۆییەکان تاوەکو مانگی ئایاری 2026 گەیشتووەتە 103 تریلیۆن و 179 ملیار و 310 ملیۆن دینار. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2015دا کۆی ئەو قەرزانە تەنیا 32 تریلیۆن و 142 ملیار دینار بووە.

زۆرترین بڕی قەرزەکان لە چوارچێوەی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی لە بانکی ناوەندیی عێراق  تۆمارکراوە. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو مانگی ئایاری 2026، بڕی ئەو قەرزەی کە وەزارەتی دارایی لە بانکی ناوەندیی وەرگرتووە گەیشتووەتە زیاتر لە 63 تریلیۆن دینار، کە ئەمەش نزیکەی 61%ی کۆی گشتیی قەرزە ناوخۆییەکان پێکدەهێنێت.

بەگوێرەی داتاکان تەنیا لە مانگی نیسان بۆ مانگی ئایار، وەزارەتی دارایی 7 تریلیۆن و 500 ملیار دیناری لە بانکی ناوەندی قەرز کردووە. 

د. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "نزیکەی 95%ـی ئەم قەرزانە تاوەکو ئێستا لای سیستمی بانکیی حکومییە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئابووریی گشتی و بازاڕی دارایی بە واتایەکی فراوان، بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەچوونەتە نێو مامەڵەکردن بەم قەرزانە، بۆیە مەترسییەکانی جیاوازە لەو حاڵەتانەی کە پشتبەستنێکی فراوان بە قەرزکردن لە بازاڕە داراییەکان دەکرێت."

سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی ئەو قەرزانە بە تایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "لە مانگەکانی رابردوودا قەرزە ناوخۆییەکان بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییانەی رووبەڕووی دارایی وڵات بوونەوە زیادیان کردووە، بەتایبەت کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان کە سەرچاوەی سەرەکیی بودجەن، ئەمەش وایکردووە سیاسەتی دارایی زیاتر پەنا بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی ببات، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتی نەختینەیی، کە گونجاو بێت لەگەڵ سرووشتی ئەم قۆناخە ئابوورییە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە