قوباد تاڵەبانی: حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان
1 کاتژمێر پێش ئێستا
230 جار خوێنراوەتەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە بەغداد لەگەڵ 15 باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە عیراق کۆبووەوە و دەڵێت حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی روون کردەوە و رایگەیاند: سیاسەت و هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕەکەوە تا ئێستا روون و ئاشکرایە و نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان.
لە بەشێکی دیکەدا باس لە دۆخی ئێستای عیراق کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە: لە ماوەی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی عیراق. راشیگەیاند: پشتگیری لە حکومەتی نوێی عیراق دەکەن بە تایبەتیش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. هیواشی خواست هەموو لایەنەکان پشتگیری تەواوی حکومەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەم هەوڵانەشی بە هەنگاوێکی پێویست و گرنگ زانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و هۆشداریدا لەم دۆخە نوێیەدا نابێت لایەنەکان بە هەمان شێوە و بیرکردنەوەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: لە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت. داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.
|