‌دەستگیرکردنی بەرپرس و کەسایەتییە سیاسیەکانی عیراق بەردەوامە

2026-06-29  122 جار خوێنراوەتەوە

هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە عێراق بەردەوامەو تا ئێستا زیاتر لە پەنجا پەرلەمانتارو بەرپرس و سەرمایەدار لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق دەستگیركراون.

لەو هەڵمەتەدا هێزە ئەمنییەکان دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلاریان دەست بە سەردا گرتووە.

ماوەی دوو ڕۆژە بە بڕیاری عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەردەوامن لە راوەدونان و دەستگیرکردنی ئەو كەسایەتی و بەرپرسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل و دزینی پارە و موڵک و سامانی گشتیی هاووڵاتیانی عیراق.

 بەگوێرەی زانیارییەكان لە چەند كاتژمێری رابردوو دوو پەرلەمانتاری حزبى تەقدوم لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیركراون، ویِڕای دەستگیركردنی كەسێكی تر كە دوو ملیار دینار لەماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، تائێستا نزیكەی 50 بەرپرس و پەرلەمانتارو سەرمایەدار دەستگيركراون و چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ هەڵمەتەكە لە بەسرەو بەغدادو كەركوك درێژەی هەبێت.

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو هەڵمەتەی دژی گەندەڵی دەستی پێکردووە تەنیا قۆناغی یەکەمە و رێگە بە هیچ گەندەڵکارێک نادەن بمێنێتەوە و جەختی لەوە  کردەوە هیچ کەس لە بەرامبەر گەندەڵیدا پارێزبەندی نییە و، چیتر قابیلی قبووڵ نییە لە بەرامبەر دۆخی ئێستادا بێدەنگی هەڵبژێردرێت و داواشی لە سەرجەم دەزگا چاودێرییەکان کرد، هەر تێبینی و ئاماژەیەک لەسەر کەمتەرخەمی یان گەندەڵی لە وەزارەتەکاندا هەیە، راستەوخۆ پێشکەشی بکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی تووند بگیرێتەبەر.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە