شاندێکی هەرێم بۆ واژۆکردنى رێککەوتنى نوێ دەچێتە بەغدا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و رێککەوتنێک لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا واژۆ بکەن بەر لەوەى رێککەوتنەکە ببرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزارى بۆ ئابووریی عێراق.
سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: بڕیارە شاندەکە سبەى چوارشەممە سەردانی بەغدا بکەن کە تایبەتە بە سیستمی ئەسیکۆدا.
لە 2ـی ئەیلوولی 2026، شاندەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان گەیشتنە لێکتێگەیشتن و لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە لە نێوان هەردوولا پێکهێنرا.
سامی جەلال رایگەیاند، بڕیارە شاندەکە رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی عێراقی لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا واژۆ بکات، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزارى بۆ ئابووریی عێراق رێککەوتنەکە پەسەند بکرێت.
ئەسیکۆدا سیستمێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە بازرگانییە کە وردەکاریی زانیارییە بازرگانییەکان لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا دەگوازێتەوە.
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو سیستمە بە چەند تایبەتمەندییەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت.
|