بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆچی لە بەغدا لەگەڵ تۆم باراک کۆبوونەوە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
بافل تاڵەبانی و قوباد تالەبانی لە بەغدا لەگەڵ تۆم باراک کۆبوونەوە و بافڵ تاڵەبانی دەڵی نیگەرانینن کە حکومەتی نوێی هەرێم پێکنایەت و حکومەتی ئێستاش خەریکە شەرعییەتی نامێنێت.
لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەیان، ئاماژە بەوەکراوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە بەغداد لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ عیراق و سووریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران و هەردوولا رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانیان بە گرنگ زانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەردوولا هاورابوون لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی عیراق بکەن، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەکان.
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی خۆی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و وتویەتی، شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
تۆم باراک نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق ئێستا لە هەولێرەو لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەرپرسانی باڵای کوردستان کۆدەبێتەوە
بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ جگە لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق، تۆم باراک لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات.
|