بودجەی 2026 ئاڵۆزترین بودجەی مێژووی عیراق دەبێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
65 جار خوێنراوەتەوە
راوێژکاری ئابوریی سەرۆکوەزیرانی عیراق دەڵێت: بودجەی ساڵى 2026 دەبێتە یەکێک لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بودجەکان لە مێژووی نوێی دارایی عیراقدا، بەهۆی پەیوەندی نێوان ئابووریی عیراق و بازاڕەکانی نەوتی جیهان.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق رایگەیاند: بەهۆى ئەو دۆخەى لە گەرووى هورمز دەگوزەرێت، کە گەروەکە وەکو شادەمارى گواستنەوەى نەوتى جیهانە، عیراق خۆی لە بەردەم ئاڵنگارییەکی دووسەرەدا دەبینێتەوە، لە لایەکەوە چۆنیەتی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵى 2026 لە لایەکی دیکەشەوە پاراستنی سەقامگیریی دارایی لە ناوخۆی وڵاتدا.
روونیشى کردەوە: سەرەڕای ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان بۆ سەر جووڵەی دەریاوانی و وزە لە گەرووی هورمزدا، لە رووی دەستووری و سیاسییەوە دەرفەتی داڕشتنی بودجەی 2026 لە ئارادایە.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق وتیشى: بودجەی ساڵى 2026 دەبێتە یەکێک لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بودجەکان لە مێژووی دارایی عیراقدا، بەهۆی پەیوەندی نێوان ئابووریی عیراق و بازاڕەکانی نەوتی جیهان.
راشیگەیاند: عیراق هێشتا بە شێوەیەکی نیمچە تەواوەتی بۆ دابینکردنی مووچە، خانەنشینی، چاودێریی کۆمەڵایەتی، خەرجییەکان و پڕۆژەکان پشتبەستووە بە داهاتی نەوت، بۆیە هەر پشێوییەک لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کەنداوەوە هەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لەسەر سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی دەوڵەت.
باسى لەوەشکرد: زۆر جار بەهۆى قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکان نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش رەنگە بۆ عیراق بەسود بێت و کورتهێنانەکە کەم بکاتەوە و دەرفەتى تێپەڕاندنی بودجەی 2026 بڕەخسێنێت، بە تایبەت ئەگەر ئیدارەی دارایی سەرکەوتوو بێت لە بەڕێوەبردنی داهاتە نەوتییەکان و دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن.
|