پێشنیازەکانی یەکگرتوو بۆ پارتی و یەکێتی ئاشکرا کران

58   خولەک پێش ئێستا  745 جار خوێنراوەتەوە

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری ئەو حزبە، دەستی بە گەڕێکی جوڵەی سیاسی کردووە بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەک بداتە پارتی و یەکێتی تا دەرچەیەک بۆ دۆخی چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە. 
 
دەسپێشخەرییەکە سێ تەوەرییە و لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکە پەسەند کراوە.
 
تەوەری یەکەمی ئەو دەستپێشخەرییە، جەخت لەسەر راگرتنی هەموو جۆرە هەڵمەتێکی راگەیاندن دەکاتەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی لە هەموو ئاستەکاندا. ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو دەبینرێت تاوەکو لایەنەکان بتوانن هەنگاوی کردەیی بەرەو لێکتێگەیشتن بنێن.
 
دوێنێ سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کرد و پێشنیازەکەی پێدان. ئەمڕۆش بڕیارە سەردانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات و دەستپێشخەرییەکەیان پێبدەن.
 
بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەرییەکەی وەرگرتووە، خوێندوویەتییەوە و دەستبەجێ بڕیاریداوە بڕگەی یەکەم جێبەجێ بکات کە راگرتنی هەموو جۆرە هەڵمەتێکی راگەیاندن بووە دژی پارتی.
 
لە تەوەری دووەمی دەستپێشخەرییەکە، یەکگرتوو نەخشەڕێگەیەکی کاتی دیاری کردووە کە نابێت لە یەک مانگ تێپەڕێت. لەم ماوە کورتەدا پێویستە دوو هەنگاوی سەرەکی بنرێن: 
 
یەکەمیان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییە.

دووەمیشیان دەستپێکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هاوبەشیی هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداربن.
 
لە تەوەری سێیەمیشدا، باس لە داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش دەکرێت کە تێیدا خزمەتی هاونیشتمانییان لە پێشینەی کارەکان بێت. ئەم خاڵە جەخت لەسەر چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی مووچە و دیاریکردنی سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرامبەر بەغدا دەکاتەوە تاوەکو هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلا بکرێنەوە.
 
هەروەها باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا و سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانیی باج لەسەر شانی خەڵک، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو دەستپێشخەرییەن.

یەکگرتوی ئیسلامیی بڕوای وایە ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییە جێبەجێ بکرێت متمانە دەگەڕێتەوە بۆ نێوان یەکێتی و پارتی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە