عەلی زەیدی: کار دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
1 کاتژمێر پێش ئێستا
76 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەکەم وتاریدا دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بەرنامە و کاری لەپێشینەی کابینەکەی ئاشکرا کرد، هاوکات بەڵێنی دا قۆناغی داهاتوو قۆناغی کارکردن بێت بۆ چاکسازیی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاری.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە وتارێکدا بۆ گەلی عێراق بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، سوپاسی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتی باڵای ئایینی کرد بۆ پشتیوانییان، جەختی لەوەش کردەوە، رێگەی چاکسازی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە.
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، قۆناغی داهاتوو قۆناغی هاوبەشیی راستەقینە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان.کاری لەپێشینەی کابینەکەیان دەستپێکردنی بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی چاکسازیی ئابووری و داراییە بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی بەهێز تا پشت بە یەک سەرچاوە نەبەسترێت.
ئەوەشی خستەروو، بەرنامەکەیان پشت بە بووژاندنەوەی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و وەبەرهێنان دەبەستێت بۆ ئەوەی وزە و تواناکانی ناوخۆ بخرێنە گەڕ.
سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیشی کردەوە، بە هەموو هێزێکەوە کار بۆ پاراستنی ماڵی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی دەکەن، چونکە رێگرە لە بەردەم گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی وڵات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان و ئاسایشی وڵات، زەیدی روونیشی کردەوە، کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عێراق دەکەن، هەروەها پەیوەندییە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بەهێز دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بپارێزرێت.
دەربارەی پرسی گەنجانیش، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا، دەرفەتی کار بڕەخسێنن و رێژەی بێکاری کەم بکەنەوە، لە رێگەی پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنان.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کەرتی پەروەردە و تەندروستی بەرەوپێش دەبەن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا، ئاو، رێگەوبان و نیشتەجێبوون دابین دەکەن، دوور لە بەڵێنی بێ بنەما.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی، لە رێوڕسمێکی تایبەتدا وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق؛ دەستبەکار بوو.
عەلی زەیدی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی حکومەت لە بەغدا، لە لایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە پێشوازی لێ کرا و ئەرکەکەی لێ وەرگرت.
لە رێوڕەسمەکەدا، وەک نەریتێکی پڕۆتۆکۆلیی عێراق لە کاتی رادەستکردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ؛ 21 گولـلەتۆپ تەقێنران وەک نیشانەیەک بۆ رێزگرتن و پێشوازیکردن.
|