"هەر کەسێک لە ئۆتۆمبێلەوە زبڵ فڕێبدات 40 هەزار دینار سزا دەدرێت "
2 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هەر کەسێک لە جامی ئۆتۆمبێلەوە زبڵ فڕێبدات، بە بڕێک پارە سزا دەدرێت. دەستەی ژینگەش پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و هاتووچۆش دەڵێت، هەر کەس ڤیدیۆی فڕێدانی زبڵیان بۆ بنێرێت 40 هەزار دینار سزا لەسەر ئۆتۆمبێلەکە تۆمار دەکەن.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "چیدی ئەمە رەوا و ئاسایی نییە، لە ئەمڕۆوە هەر ئۆتۆمبێلێک، ئینجا شوفێر یان سەرنشین، زبڵ و خاشاک فڕێبدات، بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت."
د. سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بە تەواوی پشتیوانی و پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ پاراستن و خاوێنکردنەوەی ژینگە.
سەنعان عەبدوڵڵا وتیشی، "بڕیارەکان پاڵپشت بە یاسا دراون، ئێمە وەکو چاودێری و بەدواداچوون و وەزارەتی ناوخۆش وەکو لایەنی جێبەجێکار لەم بوارەدا هاوئاهەنگیی تەواومان هەیە."
وتەبێژی دەستەی ژینگە راشیگەیاند، "پێشتر وەزارەتی ناوخۆ گشتاندنی کردووە بۆ بڕیارەکانی، کە سزای ئەو کەسانە بدرێت زبڵ فڕێ دەدەن یان لە شوێنە گشتییەکان و سەیرانگەکان زبڵ جێدەهێڵن."
هەر ئەمرۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئاگاداری شۆفێران و سەرنشینان دەکەنەوە، قەدەخەیە شۆفێر یان سەرنشین لە کاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەکان، بەپێچەوانەوە 40 هەزار دینار سزای بۆ رەوانە دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم سزایە زیاد دەکرێت بۆ هەموو سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی وەکو PDA و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێری."
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەسەڵاتی تەواو دەدرێت ئەفسەری هاتووچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە راستەوخۆ لە کاتی بینینی، یان لەو کاتەی بە ڤیدیۆی تۆمارکرا و لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ رەوانە دەکرێت."
4ی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لەوانە سزادانی ئەو کەسانەی ژینگە پیس دەکەن.
|