عەلی زەیدی گەیشتە هەرێمی کوردستان

3   کاتژمێر پێش ئێستا  135 جار خوێنراوەتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرد.

شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە فڕۆکەخانە لە پێشوازی زەیدی بوون.

موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق؛ عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی و عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی یاوەری عەلی زەیدی دەکەن.

عەلی زەیدی لەگەڵ مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکان تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی هەولێر، بڕیارە عەلی زەیدی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبێتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە