وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری توند دەداتە بەغدا و گرووپە چەکدارەکان
2 کاتژمێر پێش ئێستا
136 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، گروپە تیرۆریستەکان بە درۆن هێرشیان کردووەتەوە سەر پێشمەرگە و “ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان هەبێت”.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دوێنێ شەو جارێکی دیکە گرووپە تیرۆرستییە لەیاسا دەرچووەکان، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو کە “لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەندین جار هێرشە تیرۆرستیەکان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە بەردەوامبوون”.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، “ئەم زنجیرە هێرشانە، بە ئاشکراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان هەبووە”.
ڕوونیشیکردەوە کە “تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، هیچ هەڵوێستێکی جدیان نەبووە بۆرێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیە”.
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە “پێشمەرگە بەشێکە لەسیستەمی ئەمنی و بەرگری، هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێ ئەو دەستدرێژیانە بەخێرایی بوەستێنرێت و تاوانکاران سزا بدرێن”.
ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بە خۆماندا گرتووە، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان دەبێت”.
|