ئەگەری ئاگربەستی 45 ڕۆژی لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەیە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی وێرانکەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران چڕبوونەتەوە. بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی رۆیتەرز و ماڵپەڕی ئەکسیۆس، واشنتن و تاران پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستیان پێگەیشتووە و بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ تاوتوێکردنی پلانەکە.

پلانی نوێیەکە چییە؟
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئێران و ئەمریکا "پلانێکی تێروتەسەل"یان بەدەست گەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. پلانەکە لەلایەن قەتەر و عومانی نێوەندگیرەوە ئامادە کراوە و چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێ:
 
1. راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ بۆ 7 رۆژ.
 
2. لەو ماوەیەدا، هەردوولا دەست دەکەن بە دانوستاندنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی.
 
3. ئێران بەڵێن دەدات گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز هەڵبگرێ و هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو و ناوچەکە رابگرێ.
 
4. ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوەکانی ئێران رادەگرن.

لە لایەکی دیکەوە، لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی  ئەکسیۆسدا باس لەوە کراوە کە جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، دوو نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتوونەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەم پلانە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەری و عومانی.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە: "ئەمە گرنگترین دەرفەتە کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بۆمان رەخسابێت. ئێمە ئامادەین بۆ ئاگربەست، بەڵام دەبێت ئێران ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی."
 
سەرەڕای گەشبینیی نێوەندگیرەکان، هەردوولا هێشتا مەرجی قورسیان هەیە.
 
• ئێران: پێشتر هەر جۆرە کەمکردنەوەیەکی گرژییەکانی لە ئەنجامی جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمریکا رەتکردبووەوە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، بەهۆی تێکشکانی بەشێکی زۆری ژێرخانی سەربازی و ئابووریی وڵاتەکە، تاران ئێستا "کەمێک نەرمتر" بووە و ئامادەیە قسەیەک لەسەر پلانەکە بکات.
 
• ئەمریکا: ترەمپ چەند رۆژێک پێشتر رایگەیاندبوو کە هیچ رێککەوتنێک ناکەن ئەگەر ئێران "بێ مەرج خۆی بەدەستەوە نەدات"، بەڵام ناردنی کۆشنەر و ویتکۆف بۆ دەوحە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆشکی سپی دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم پلانە هاوکاتە لەگەڵ گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا و چین، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 110 دۆلار و پەککەوتنی بازرگانی لە تەنگەی هورمز، زیانی گەورەی ئابوورییان بەرکەوتووە. 
 
دوو راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، چین بە نهێنی گوشاری خستووەتە سەر تاران بۆ ئەوەی پلانەکە قبووڵ بکات، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەورووپا داوایان لە ترەمپ کردووە دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات.
 
ئەگەر ئەم پلانە سەربگرێ، دەبێتە یەکەمین ئاگربەستی ئەم جەنگە کە لە 28ی شوبات بە هێرشێکی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد و بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و وێرانبوونی بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی ئێران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە