ئیبراهیم زولفەقاری رەتیدەکاتەوە ئەمریکا فڕۆکەوانەکەی رزگار کردبێت
5 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رەتی دەکاتەوە ئەمریکا لە رزگارکردنی ئەو فڕۆکەوانەی کە لە ئێران بێسەروشوێن ببوو، سەرکەوتوو بووبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، سێ فڕۆکەی دیکەی ئەمریکایان تێکشکاندووە.
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، ''هەوڵەکانی دووژمن بە یارمەتیی خودای گەورە لەلایەن سوپای پاسداران، سوپای ئێران (ئەرتەش)، بەسیج و هێزەکانی پۆلیس، بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانی فڕۆکە جەنگییە تێکشکاوەکەیان، شکستی هێنا.''
ئیبراهیم زولفەقاری ئەوەشی خستەڕوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاسمانی ئیسفەهان دوو فڕۆکەی ئەمریکیی لە جۆری ''بلاک هاوک'' و فڕۆکەیەکی دیکەی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری c130ـی ئەمریکا تێکشکێنراون ''ئێستا لە ئاگری تووڕەیی جەنگاوەرە قارەمانەکانی ئیسلامدا دەسووتێن.''
قسەکانی وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران لەکاتێکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ئەمریکای لە نێو ئێران راگەیاند و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە مێژووی ئەمریکا"دا ناو برد.
|