قوباد تاڵەبانی: کورد لەوە مەزنترە بە جینۆساید و ڕاگواستن لەناو بچێت

3   کاتژمێر پێش ئێستا  161 جار خوێنراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە 46ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلیدا ڕایگەیاند، کە هیچ تاوان و کردەوەیەکی دڕندانە ناتوانێت گەلی کورد لەناو ببات، بەڵکو ئەو نەهامەتییانە ئیرادە و هەستی هاوچارەنووسیی کوردیان بەهێزتر کردووە.

لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە نەتەوەی کورد لەوە مەزنتر و ڕەسەنترە کە دوژمنان بتوانن لە ڕێگەی جینۆساید، ڕاگواستنی زۆرەملێ و زەوتکردنی ناسنامەوە کۆتایی پێ بهێنن. دەشڵێت: “لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، هەوڵی بێئومێدانە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد دراوە، بەڵام هەموویان شکست خواردوون”.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو هەموو تاوانانەی بەرامبەر کورد کراون، نەک هەر نەیانتوانی ئیرادەی نەتەوەکەمان تێکبشکێنن، بەڵکو بوونە هۆی ئەوەی هەستی هاوپەیوەندی و هاوچارەنووسی لە ناو پێکهاتە جیاوازەکانی کورددا زیاتر گەشە بکات و هەمووان لە دەوری یەک کۆببنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە