قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران دەستپێدەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەم زووانە قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ستراتیژی پشتێنەی سەوزایی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. لەم بەشەدا سەدان هەزار داری زەیتوون و فستەق دەچێندرێت، کە ژینگەیەکی تەندروست و دیمەنێکی جوان بە شاری هەولێر دەبەخشێت و سیمایەکی نوێ بۆ پایتەخت دابین دەکات.
لەبارەی پرسی دابەشکردنی زەویش، پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا ناوی 82 هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە. لە شەش قۆناغی ڕابردوودا زیاتر لە 38 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و سوودمەندان دابەش کراوە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت: لەم چوارچێوەیەدا، تیمە تایبەتمەندەکان بە چڕی سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، قۆناغی حەوتەمی دابەشکردنی زەوی بە فەرمی ڕابگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی خۆجێیی هەولێر جەخت دەکاتەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی شایستە سوودمەند بن.
|