عێراق: هێزە چەکدارەکانمان مافی خۆیانە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بدەنەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  136 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگه‌یاند، لە بەرامبەر ڕشتنی خوێنی شەهیدەکانیان بێدەنگ نابن، "ئەوە تاوانێکی تەواوە کە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات پەیوەندی نێوان گەلانی عێراق و ئەمریکا دەگەیەنێت"، ده‌شڵێت، "حکومەت و هێزە چەکدارەکان مافی خۆیانە بە هەمو ڕێگایەکی بەردەست وەڵام بدەنەوە".

سەباح نوعمان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دەڵێت، "سەرەڕای هەمو هەوڵە سیاسی و پراکتیکییەکانی عێراق بۆ دورخستنەوەی وڵات لە ململانێی ناوچەکە و سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و دەستەبەرکردنی ئازادی بازرگانی و جووڵە و ئاڵوگۆڕی ئابوریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، به‌ڵام هێرشە سەرزەنشتکراوەکان کە یەکە سەربازییەکانمان دەکەنە ئامانج بەردەوامن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، دوایین هێرشی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی دڕندانە بو بۆ سەر باره‌گای سەربازی حەبانیە، کە سەر بە وەزارەتی بەرگرییە، ئەو تاوانە بوەهۆی شەهیدبونی چەند سەربازێکی عێراقی و برینداربونی کەسانی دیکە.

سەباح نوعمان باسی له‌وه‌كردوه‌، "حکومەت و هێزە چەکدارەکان مافی خۆیانە بە هەمو ڕێگایەکی بەردەست وەڵام بدەنەوە، بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە بەرامبەر ڕشتنی خوێنی شەهیدە قارەمانەکانمان بێدەنگ نابین، ئەزە تاوانێکی تەواوە کە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات کە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان بەڕێوەدەبات و زیان بە پەیوەندی نێوان گەلانی عێراق و ئەمریکا دەگەیەنێت".

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رونیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەو هەنگاوانە تەنها دەبێتە هۆی سەختی و ئاستەنگی زیاتر لە بەردەم هەوڵەکانی سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپاردوە، بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بکات و یاداشتێکی ناڕەزایی فەرمی بە وشەی توند پێشکەش بکات کە هەڵوێستی پتەو و بێ چەواشەکاریمان بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ئیدانەکردنی ئەم کارە نابەرپرسیارانە دەخاتەڕو، کە یەکسانە بە تاوانێکی قێزەون".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، سکاڵایەکی فەرمی، کە بە بەڵگەنامە و زانیاری ورد پشتگیری دەکرێت، پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان دەکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی عێراق و گەلەکەی و هاووڵاتیانی سەبارەت بەو پێشێلکارییانە بپارێزن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە