نوێنەری رێبەری ئێران بۆ سەربازانی ئەمریکا: وەرن، 20 ساڵە چاوەڕێی ئەم ساتەین
3 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە، پەیامێکی هەڕەشەئامێز ئاراستەی واشنتن دەکات و دەڵێ، ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی هاتنی سەربازانی ئەمریکان بۆ "خاڵە دیاریکراوەکان" و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە "نزیکتر ببنەوە."
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە ئاراستەی ئەمریکای کردووە، دەڵێت، "ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی هاتنی ئەمریکییەکان بووین بۆ ئەو خاڵانەی دیاریمان کردوون. زیاتر لە دوو دەیەیە بە ستراتیجی جەنگی ناهاوسەنگ، بۆ ئەم ساتەوەختە راهێنان دەکەین."
ئەحمەدیان لە پەیامەکەیدا روو لە سەربازانی ئەمریکی دەکات و دەڵێت، "ئێستا تەنیا یەک پەیاممان بۆ سەربازانی ئەمریکی هەیە: نزیکتر ببنەوە."
ئەحمەدیان کە یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە داڕشتنی سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی ئێران، ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتەکەی پلانێکی درێژخایەنی بۆ ئەم جۆرە لە رووبەڕووبوونەوە هەبووە و هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە رۆژی 26ـەمەوە و گرژییەکانی نێوان هەردوو لایەن لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.
|