لە هێرشەکانی سەر هەرێم 14 گیانلەدەستدان و 85 بریندار هەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا
45 جار خوێنراوەتەوە
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 450 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا شەش پێشمەرگە و یەک ئاسایش هەن.
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون کە زیاتر لە 350 درۆن و مووشەک بوون، دواتر سلێمانی بە 90 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە حەوت درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەری بەکارهێندراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاندووە، شەوی رابردوو تا نزیک کاتژمێر 12:00ـی شەو "زیاتر لە چوار مووشەک و پێنج درۆن ئاراستەی هەولێر کران و پێش گەیشتنیان بە ئامانج لە ئاسمان تێکشکێندران".
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە درۆن هێرشکرایە سەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، ئاگر لە یەکێک لە باڵەخانەکان کەوتەوە، هاوکات زیانی مادی بەر چەند ئۆتۆمبێلێک کەوت.
هەروەها نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە، چوار درۆن ئاراستەی شاری هەولێر کران. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر چواریان خرانە خوارەوە و پاشماوەکانیان لە چەند گەڕەکێکی جیاواز کەوتنە خوارەوە.
هێرشەکانی دووشەممە ئەمانە بوون:
شەوی دووشەممە، پێنج درۆن لە ئاسمانی هەولێر دوای تێكشکاندنیان کەوتنە خوارەوە.
شەوی دووشەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
شەوی دووشەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران و پاشماوەکانیان کەوتنە گەڕەکەکانی شارەکە.
شەوی دووشەممە، درۆنێک لە بەرزاییەکانی کەسنەزان لە هەولێر کەوتە خوارەوە.
شەوی دووشەممە، بە درۆنێک کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە نزیک شاری هەولێر بۆردوومان کرا.
شەوی دووشەممە درۆنێک لە ئاسمانی سۆران خرایە خوارەوە.
رۆژی دووشەممە، درۆنێک دوای پێکانی لەلایەنی هێزی بەرگرییەوە، کەوتە سەر ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر.
ئێوارەی دووشەممە، درۆنێک لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
شەوی دووشەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی.
ئێوارەی دووشەممە لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی چوار درۆن کەوتنە خوارەوە. دیارنییە خۆیان کەوتوون یان خراونەتە خوارەوە.
کۆی ئامارەکان
لە 28ـی شوباتەوە بە 453 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لەو ماوەیەدا 354 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 90 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها حەوت درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسیش بریندار بوون.
|