وەزارەتی پێشمەرگە: بەهۆی هێرشی موشەکیی ئێران 36 پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون

1     کاتژمێر پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. 
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا "6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون."
 
وەزارەتی پێشمەرگە "بە تووندترین شێوە ئەم هێرشە و هەموو هێرشە تیرۆریستیانەی دیکە" شەرمەزار دەکات کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. دووپاتیشی دەکاتەوە کە "ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان." 
 
هاوکات، ئاماژە بەوە دەدات، "بە هیچ جۆرێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت." 

وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای پرسە و سەرەخۆشییان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازێت و داوا لە هەموو لایەک دەکات شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و "داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت." 
 
 

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە