مانگانە دوو بوتڵ گازی ماڵان بە 8500 دینار دەدرێتە خەڵک

3   کاتژمێر پێش ئێستا  68 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگانە دوو بوتڵ گازی ماڵان بە کارتی ئەلکترۆنی و بە 8500 دینار بۆ هەر بوتڵێک دەدرێتە هاووڵاتییان.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانی نرخی گازی شلی ماڵان و وەکو هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، "بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئەمڕۆ 11ی ئاداری 2026 لە رێگەی بریکارەکانی گەڕۆکەوە و بە کارتی ئەلکترۆنی، دەست بە دابەشکردنی گاز بۆ ماڵان دەکات."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە، "پرۆسەکە 30 رۆژە و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەم سیستمەوە بە کارتی ئەلکترۆنی 2 بوتڵ گازی ماڵان بە نرخی فەرمیی 8,500 دینار لە رێگەی بریکارەکانی گازفرۆشەکانی گەڕۆک وەربگرن."
 
ئەمڕۆ لە چەند گەڕەکێکی پارێزگای هەولێر، بوتڵی گازی ماڵان بە نرخی فەرمی 8٫500 دینار فرۆشراوەتە هاووڵاتییان، ئەمەش وەکو وەزارەتەکە ئاماژەی پێداوە و دەشڵێت، هاووڵاتییان بە کارتی ئەلکترۆنی دەتوانن وەریبگرن.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رۆژانی داهاتووشدا لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکانی دیکە سیستم و رێگەی گونجاو دەگیرێتەبەر بۆ دابەشکردنی گازی ماڵان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە