لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە نەوتی کەرکووک هەناردەی جەیهان بکەن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقی دەڵێت، پلانی سەرەتاییان ئەوەیە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە نەوتی کەرکووک هەناردەی جەیهان بکەن و ئەگەری زۆرە لە هەفتەی داهاتووەوە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
کەناڵی ڕووداو لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردوووتەوە ، "دۆخێکی ئەمنی نائاسایی لە ناوچەکەدا هەیە و هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بەرەنگاری لێکەوتەکانی ببینەوە. چەندین بژاردەمان لەبەردەستە بۆ هەناردەکردنی نەوت و یەکێک لە بژاردەکان سوودوەرگرتنە لە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخە پلانی سەرەتایی ئەوەیە کە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی جەیهان بکەین و دەکرێ دواتر بڕەکە زیاتریش بکرێت."
وتیشی "لەگەڵ حکومەتی ئوردن لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی ئەو وڵاتەوە زیاتر بکەین و ئەوە یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکان."
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی نەوت دەڵێ، "بۆیە تاکە رێگەی ئاسانمان بۆ گەیاندنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە و مافی حکومەتی فیدراڵیشە کە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر."
لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ ئەو پرسە و "بڕیارە پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە وەڵامی ئەو داواکارییە بدرێتەوە کە بۆ ئەو مەبەستە ئاراستەیان کراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە هەناردەکردن دەستپێبکات."
بەگوێرەی سەرچاوەکە، لە ئەگەری رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو داواکارییە، بەغدا بەڵێنی ئاسانکاریکردنی زیاتری بۆ ناردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو داوە.
شەڕی ئێران کە ئێستا لە هەفتەی دووەمیدایە و زیاتر لە 12 وڵاتی تێوەگلاوە و داخرانی تەنگەی هورمز بۆ 11ـەمین رۆژ، هۆکاری بڕیارەکەی وڵاتانن بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت.
|