جەنگ نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزتر دەکاتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزتر بووە و لیتری نزیکەی 50 دیناری خرایە سەر. قایمقامی سلێمانی دەڵێ، بەهۆی دۆخەکەوە لە سەرچاوەکەیەوە گران بووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە 47 بەنزینخانە بەنزینی حکومی دابەش بە 750 دینار دابەش دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوون، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز لە هەولێر بەگوێرەی بەنزینخانەکان لە 850 بۆ 900 دینارە، لە سلێمانی لیترێکی بە 925 دینارە.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، بەمیدیاکانی راگەیاند: "ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینین، کە هۆکار جەنگە لە ناوچەکە و بەنزینیش لە سەرچاوەکەیەوە بەرز بووەتەوە".
پێش جەنگ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لەنێوان 800 بۆ 825 دینار بوو، لە سلێمانی 875 دینار بوو.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆری دیکە بەنزینی بازرگانیی هەن، ئەوانیش موحەسەن، لیتری بە هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 100 دینارە و سووپەر بە هەزار و 200 بۆ هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت.
|